لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە
یوسف محەمەد: فشار لەسەر دادگای فیدراڵی هەیە


د. یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی داوایی یاسایی ناوبراو لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت "  فشار لەسەر دادگای فیدراڵی هەیە ".
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی حکومەتی هەرێم لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، دەڵێت" سەرباری بونی فشاری زۆر لەسەر دادگای باڵای فیدڕاڵی، بەڵام ئومێدەوارین کە بڕیاری دادگا لە قازانجی خەڵک و پرۆسەی دیموکراسیی ھەرێم ئەبێ".
 
لە درێژەی نووسینێکدا یوسف محەمەد دەڵێت" ئەمڕۆ ١٥/ ٣/ ٢٠٢٣ دانیشتتنێکی تری دادبینیی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە دۆسییەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی تری ھەرێم بەڕێوەچو".

هەروەها وتیشی " دادگا جارێکی تر وتەی ئێمە و پارێزەرانی داوا لەسەرکراوی وەرگرت. دواتر داوایەکی پارێزەرانی پەرلەمانی رەت کردەوە بۆ بەشداری پێکردنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە پڕۆسەی دادبینی". 

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە درێژەی پۆستەکەیدا " بۆ وردبینیی زیاتری دۆسیەکەش دادگای باڵای فیدڕاڵی رۆژی ٢٩/ ٣/ ٢٠٢٣ی دیاری کرد بۆ دانیشتنی داھاتو".

د. یوسف محەمەد دەشڵێت "ئامانجی ئێمە لە داوای (٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢) تەنھا بە نادەستوری ناساندنی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نییە، بەڵکو جگە لەوە ئەخوازین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەقی رون لەخۆ بگرێ سەبارەت بە سەپاندنی پاکیی ھەڵبژاردن و، بێلایەن کردنی ھێزە چەکدار و ئەمنی و ھەواڵگرییەکان و، ئاسایی کردنەوەی دۆخی ھەرێم بەتایبەت دۆخی ھەولێری پایتەخت و کۆتایی ھێنان بە ھەژمونی تاک حیزبی بەسەر ناوچە جیاوازەکانی ھەرێم".

هەندێک ناوەندی سیاسی و یاسایی دەڵێن دادگای فیدراڵیش لە ژێر هەژموونی سیاسییەکاندایە و دواخستنی بڕیار لەم دۆسیە لە ژێر فشاری پارتی و سەرکردەکانیدایە.



PM:09:28:15/03/2023