هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا


دوای بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی پاریس سەبارەت بەسكاڵاكەی عێراق لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیرا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی نەوتی عێراقەوە بڵاویكردەوە، عێراق ئەمڕۆ  450 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێكدا هەناردەی نەوتی خاوی لە كێڵگە نیمچە سەربەخۆكانی كوردستان و باكوری كەركوك ڕاگرتووە، ئەمەش دوای ئەوەی بەغدا دۆسیەیەكی لە دادگای نێودەوڵەتی فڕەنسا لە دژی توركیا بردەوە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەكردووە، عێراق بەفەرمی كۆتایی بەبڕیاری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس دەهێنێت و رۆژی پێنجشەممەی رابردوش ئاگاداركراوەتەوە كە بڕیارەكە لەبەرژەوەندی بەغدا دەرچووە، هەر بەپێی بەڵگەنامەیەكی رۆیتەرز، بەرپرسانی كەشتیوانی توركیا بە كارمەندانی عێراقیان لە ناوەندی هەناردەكردنی نەوتی جەیهانی توركیا ڕاگەیاندوە بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی عێراق ڕێگە بە هیچ كەشتییەك نادرێت نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان بار بكات.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، پەیوەندیی مێژوویی قوڵ لە نێوان عێراق و توركیادا هەیە و بڕیارەكەی دادگای پاریس هیچ رێگرییەك لە بەردەم پەرەپێدان و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەپێی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان و دەستوور و سەرەوەرییەكانیان دروست ناكات.

ئەوەش هاتووە، لە پاش بڕیارەكەی دادگای پاریس بەپێی پابەندبوونەكانی كۆمپانیای سومۆ لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان وەزارەتی نەوتی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و توركیا بە دوای میكانیزمی نوێدا دەگەڕێت بۆ هەناردەكردنی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە لە پێناو هەناردەكردنی بڕی دیاریكراوی نەوت لە هەر كێڵگەیەكی نەوتەوە بۆ پاراستنی داهاتەكان و تەواوكردنی بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراقی سوپاسی دادگای پاریسی كردووە كە بڕیارەكەی بە شێوەیەكی دادگەرانە داوە و مۆڵەتی بە لایەنی عێراقی و توركی داوە، تاوەكو داكۆكی لە خۆیان بكەن و پارێزەر و نوێنەریان لە دانیشتنەكان ئامادەبێت.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی رۆژی ١٥ی شوباتی ساڵی رابردوو، دادگای فیدڕاڵی عێراق دانیشتنی خۆی لەبارەی دۆسییەی ٥٩ی فیدڕاڵیتایبەت بە هەناردەكردنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدڕاڵی سازكرد.

دواتر رایگەیاند، یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان و فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە نادەستورییە.




PM:04:23:25/03/2023