یوسف محەمەد: با بارزانی بەیانێک لەسەر دادگای پاریسیش دەربکات‌‌و بە دادگای سەورەی بچووێنێت


لەسەر رێگا نەدان بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت لەلایەن هەرێمەوە کە دوا حوکم دەستەی ناوبژیوانی پاریس حکومی لەسەردا، د. یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت " کە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ ھەرێم دەرچو، بارزانی بەیاننامەیەکی دەرکرد و چواندی بە «دادگای سەورە»، چاوەڕێین بەیانامەیەکیش لەسەر دەستەی ناوبژیوانیی پاریسیش بە ھەمان ئاواز دەربکات!".

لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بەناونیشانی " بۆچی بەیاننامەیەک لەسەر دەستەی ناوبژیوانیی پاریسیش دەرناکەن!؟"، د. یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت" مەلەفی نەوت و گازی ھەرێمتان ئەوەندە خراپ و ناشییانە ئیدارە دا، لە ھەر شوێنێک سکاڵا دژی ھەرێم جوڵێندرا ئێوە دۆڕاندتان و باجەکەشتان خستە سەر ھاونیشتیمانیانی ھەرێم، ھەر لە سکاڵاکەی ئەمریکاوە بیگرە تا سکاڵای دانەگاز لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەندەن و ئینجا دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق و وا بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی سەر بە ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریسیشی ھاتە سەر!".

لە درێژەی پۆستەکەیدا یوسف محەمەد دەڵێت " بزانن چۆن بە نەزانی و گەندەڵی کارتی وزەی ھەرێم و سامانی ژێر زەویی خەڵکی کوردستانتان کردە کارتێکی سوتاو و، لە بری ئەوەی بیکەنە ھۆی بەھێز کردنی ھەرێم، کردتانە سەرچاوەی لاواز کردنی زیاتری ھەرێم!؟".

دەشڵێت "زۆرمان وت کە پێش ئەوەی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی و بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی پاریس دەرچێ، لەگەڵ بەغدا رێکبکەون، بەڵام بێ ئەنجام بو. ئێستا ئیتر باشترین بژاردە بۆ خەڵکی کوردستان جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییە".
یوسف محەمەد لە کۆتاییدا دەڵێت " دەسەڵاتدارانی ھەرێم نەوت و گازیان کردۆتە بارمتەی خۆیان بۆ ئەوەی وەک میر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و زامنی مانەوەی دەسەڵاتیان بکەن، بەڵام وادیارە ئیتر ئەوەش دادیان نادا".

دوێنێ دادگای پاریس بردنەوەی عێراقی لە دۆسیەی فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە رێگای تورکیاوە راگەیاند، ئەم رووداوەش ئابوری هەرێمی خستۆتە دۆخێکی نوێوەو سیاسی و دەستبژێرەکان دەستیان بە نووسین و هەڵوێست نیشاندان لەسەر ئەو پرسە کردووە. 



AM:11:46:26/03/2023