وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین راگەیەندرا

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای (٤٨) کاتژمێری داهاتووی ناوچە جیاجیاکانی راگەیاند و دەڵێت" سبەینێ کەشوهەوا جێگیر دەبێت". 

بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان بەدرێژای کاتەکان هەوری باراناوی دەبێت و وەلە کاتەکانی دوایینیوەڕۆش دابارین بۆ شێوەی تاوە باران و بروسکە دەگۆڕێت، پاشان  بۆ ئێوارە کاریگەریەکەی  لە زۆربەی شوێنەکان کەم دەبێتەوە  بۆ شێوەی نمە بارانی پچرپچر، هەروەها پلەکانی گەرما یەک تا سێ پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە و خێراى با (١٠ - ٢٠)کم لە هەر کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەشی گۆڕاو دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ سێشەممە ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، لەکاتەکانی نیوەڕۆ تاکو ئێوارە ئەگەری دابارینی نمە بارانی کەم هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان و لە کاتەکانی شەودا کەش لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر دەبێتەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما دوو تا سێ پلە بەراوورد بە تۆمارەکانی ئەمرۆ بەرزدەبنەوە و خێراى با (١٥ - ٢٠)کم دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی بەیانی تاکو دوایینیوەڕۆ کەمێک چاڵاک دەبێت بۆ سەروی (٣٠)کم بە ئاراستەی باکووری خۆرئاوا، مەوداى بینین لە نێوان (٨ – ١٠)کم دەبێت، بەڵام لە کات و شوێنی دابارین لە نێوان (٦ - ٥)کم دەبێت.


AM:10:18:27/03/2023