کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێم زیاد دەکات

"بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی لەم ماوەیەدا لە کوردستان باریوە، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێم زیاددەکات".

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئومێد ئەحمەد ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، جگە لە وێستگەکانی گاز و نەوتی رەش و گازوایل، پشت بە دوو وێستگەی گەورەی کارۆئاوی دەبەستێت، ئەوانیش وێستگەی دەربەندیخان و دوکانن.

باسی لەوەشکرد، هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاوێکی زۆریان گلداوەتەوە و کە لە هەر چرکەیەکدا زیاتر لە ٣٠٠ مەتر سێجا ئاو ڕژاوەتە بەنداوەکانەوە.

سەبارەت بە ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوەکە ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان ٤٩٣،٤٣ مەترە و ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانیش ٤٦٨،٨٠ مەترە کە هەردوو بەنداوەکە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان.



PM:09:04:29/03/2023