ژنێکی کورد بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر دەستنیشان دەکرێت

سەرۆکی ئەمریکا ژنێکی بەڕەچەڵەک کوردی بۆ پۆستی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە میسر هەڵبژارد.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی کۆشکی سپی، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، هێرۆ مستەفای بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر دەستنیشانکردووە. 

هێرۆ مستەفا ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان لەدایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کۆلێژی خزمەتگوزاری دەرەوە لە زانکۆی جۆرج تاون، هەروەها بڕوانامەی ماستەریشی لە زانکۆی پرینستۆن ساڵی ٢٠١٩ بەدەستهێناوە و لە تەمەنی دوو ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا. 

هێرۆ لە ویلایەتی داکۆتای باکوور گەورە بووە و لە پاڵ زمانی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، یۆنانی، هیندی، بولگاری و پورتوگالی) دەزانێت. 

ناوبراو لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ تاوەکو ئاداری ٢٠٢٣ باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە بولگاریا. 

هێرۆ لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن دامەزراوەی (کارنێگی)وە وەک یەکێک لە گرنگترین کۆچبەرەکانی ئەمریکا خەڵاتکراوە، هەروەها هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک هیندی ناوی ڕاڤنیش گارگ کردووە، و خاوەنی دوو منداڵە. 


AM:10:16:30/03/2023