سودانی پاڵپشتی كۆمسیۆن دەكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پاڵپشتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكەن هەتا لەكۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی حكومەتی عێراق رایەیاندووە، لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی سودانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق؛ تاوتوێی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەپێی یاسایەكی نوێ لە كۆتایی ئەمساڵدا كراوە.

راگەیەنراوەكە باسی ەوەكردووە، یاساكە جەخت دەكاتەوە لەسەر پابەندبوون بە بەرنامەیەكی فەرمی كە لەلایەن حكومەتەوە داڕێژراوە هەتا هەڵبژاردنێكی شەفاف ئەنجام بدرێت.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی پابەندبوون بە یاسا نوێیەكەوە كراوە لەوانەش ئەو بەروارەی بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریكراوە لەگەڵ پێویستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە هاوكاریكردنی لەڕووی لۆجستییەوە بۆ ئەوەی سەرجەم رێكارەكانی هەڵبژاردنەكان جێبەجێ بكات وەك ئامادەكردنی كارتی دەنگدان و بابەتەكانی دیكەی پەیوەست بە هەڵبژاردن و دەنگدان.

سودانی جەختی لەوەشكردووەتەوە، حكومەت ئامادەیە پاڵپشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكات بۆئەوەی لەرێگەی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە دەستەبەری سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان لەماوەی داهاتوودا بكرێت.



PM:04:16:30/03/2023