داوا دەكرێت باج و رسومات لەسەر سوتەمەنی بەرز نەكرێتەوە


ناوەندێكی عێراقی بۆ ئابوری و سیاسی داوا دەكات رێژەی باج و رسومات لەسەر نرخی سوتەمەنی لەبودجەی ٢٠٢٣دا بەرز نەكرێتەوە.

وسام حدمل، بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ ئابوری و سیاسەت لە راگەیەنراوێكدا  بڵاویكردەوە، رێژەی باج و رسومات لەسەر سوتەمەنی لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣دا بەرز نەكرێتەوە، چونكە ئەوانەی خاوەن داهاتێكی سنوردارو دیاریكراون گەورەترین زیان لە زیادكردنەكە دەبینن.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ئاماژەكان لە رەشنوسی بودجەی ٢٠٢٣دا باج بەڕێژەی ٥٪ لەسەر بەنزین و نەوتی سپی كە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت دانراوە، لەكاتێكدا بڕی باج لەسەر بەرهەمی پاڵێوگەكانی عێراق بەڕێژەی ٥٪ دانراوە و بەڕێژەی ١٥٪ باج لەسەر بەهای ئەو بەرهەمە نەوتییانە دانراوە كە هاوردە دەكرێن.

حدمل وتویەتی، دانانی ئەم باج و رسوماتانە بەمەبەستی زیادكردنی بڕی ٤٥٠ ملیار دینارە بۆ خەزێنەی دەوڵەت كە پێویستە كەم بكرێتەوە بۆئەوەی نرخی سوتەمەنی دابەزێت.



PM:04:36:30/03/2023