" هەرێم و بەغدا لەسەر خاڵێک ڕێککەوتوون و چەندان خاڵ دی جێگای ناکۆکین "

گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەفدی دانوستانی هەرێم بەردەوامە، پێشکەوتنێکی کەم هەیە، بەلآم هێشتا گرێ و تەوەری زۆر هەیە کە هەرێم و بەغدا لەسەری ناکۆکن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی ( سپی ) کەوتووە، وەفدی دانوستانی هەردوولا رێککەوتوون لەسەر فرۆشتنی نەوت لە رێگای سۆمۆوە و، دانانی داهاتی فرۆشی نەوتەکە لە هەژمارێکی تایبەت کە لەژێر چاودێری دەزگا چاودێریەکانی عێراقدا بێت.

دەربارەی ئەو خاڵەنەی رێکنەکەتوون، بەپێی زانیارییەکانی ( سپی ) وەفدی هەرێم داوای لەلایەنی عێراقی کردووە کە رێز لە گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و چۆنێتی گرێبەستەکان بگرێت کە مەبەست لە شێوازی گرێبەستەکەیە، هەروەها پرۆسەی بەرهەمێنانی نەوت و، گرێبەستی گواستنەوەشی.

لەبارەی خاڵێکی تری ناکۆکی نێوان وەفدی هەرێم و بەغدا، هەرێم داوایکردووە کە رێگای پێبدرێت ئەو بڕە پارانە بداتەوە کە پێشوەختە لەبری فرۆشتنی نەوت لەو کۆمپانیانەی وەریگرتووە. ( دوێنێ ئاژاسنی رۆیتەر بڵاویکردەوە کە بڕی ئەو قەرزەی کۆمپانیاکان لەسەر هەرێم هەیانە ٦ ملیار دۆلارە).

دەربارەی پابەندی عێراق، وەفدی هەرێم داوایکردووە کە حکومەتی بەغدا پابەندیە داراییەکانی بەرامبەر هەرێم جێبەجێبکات، تا پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی ٢٠٢٣ پەسەند دەکات.

لە رۆژی ٢٥ ی ئازارەوە، رۆژی راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فەرەنسا، وەفدی حکومەتی بەغدا لە کۆبوونەوەکان و لە میدیاکانیشدا جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە دوای راگرتنی فرۆشتنی " نا یاسایی " نەوتی هەرێم قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردووەو ناگەرێنەوە بۆ پێش رێککەوتنەکە.

     



AM:11:09:31/03/2023