کۆمپانیای کوەیتی: دەبێت کۆڕەک تیلیکۆم سزای ١ ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دۆلار بدات


کۆمپانیای لۆجیستیکی ئەجێڵیتی کوەیتی بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند کە بڕیاری دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی بە سزادانی کۆمانیای کۆڕەک تێلیکۆم و سیروان بارزانی بڕیارێکی پابەندکەرە و لایەنی دۆڕاو لە کەیسەکە ناچار دەکات بە بڕی یەک ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو بداتە لایەنی براوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر سیروان بارزانی رایگەیاندبوو کە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە جدی نییە.

بەدر ئەلجیعان، ڕاوێژکارێکی باڵای کۆمپانیای مەیسانی هاوبەشی ئەجێڵیتی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە " ئەم هەفتەیە نامەیەک بۆ وەڵامدەرەوەکان [کۆرەک تێلیکۆم و سیروان بارزانی] دەنێرین بە مەبەستی بانگهێشتکردنیان بۆ پێشنیارکردنی پلانی پارەدانیان لە پەیوەست بە بڕیارەکە."

دەنگی ئەمەریکا لەزاری بەدر ئەلجیعان بڵاویشیکردۆتەوە " لێدوانەکانی سیروان بارزانی و کۆڕەک تیلیکۆم ئەوە دەردەخات کە ئەوان هیچ نیازێکیان نییە پابەندبن، بەداخەوە، کە ئەمەش زیاتر بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوان لە بنەڕەتدا ڕێز لە جێبەجێکردنی سەروەری یاسا ناگرن."

ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو، 20-3-2023، دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی بڕیارێکی خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا سکاڵایەکی کۆمپانیای عێراق تێلیکۆمی ئیماراتی و کۆمپانیای ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ کە سەر بە کۆمپانیای ئەجێلیتی کوەیتییە لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم یەکلاکردەوە و بڕیاری دا بە سزادانی کۆڕەک تێلیکۆم بە بڕی یەک ملیار و ٦٥٠ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.



PM:07:16:01/04/2023