کەسێکی کۆمپانیایەکی ئەمنی لە سلێمانی دەڕفێنرێت
پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی نێوان بافڵ و لاهورەوە هەیە


پاسەوانێکی کۆمپانیایەکی ئەمنی لە سلێمانی کە خاوەندارێتی کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە بە کوڕە شەهیدێک لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە دەڕفێدرێت و دوای لێدانێکی زۆر ئازاد دەکرێت، کێشەکە پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگیەوە هەیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی"  کەوتووە، کۆتایی هەفتەی رابردوو کەسێکی کۆمپانیایەکی ئەمنی کە ئۆفیسی سەرەکی لە گردی سەرچنارەو خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کوڕە شەهیدیكی یەکێتی، لەلایەن ژمارەیەک پاسەوانی لاهور جەنگیەوە لەنزیک ماڵی خاوەن کۆمپانیاکە لە گەڕەکی کوردسات دەڕفێندرێت، بەگومانی ئەوەی چاودێری ماڵی لاهور شێخ جەنگی کردووە.

دوای رفاندنی و ئازاردانێکی زۆر و شکاندنی سەری، پەیوەندی دەکەن بە خاوەن کۆمپانیاکەوەو ئازادی دەکەن، ئەو کەسە ڕفێندراوە بۆ رۆژی دواتر دەچێتە بنکەی پۆلیس و داوای یاسایی لەسەر پاسەوانەکانی لاهور جەنگی تۆمار دەکات.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو بەهۆی پرسەی دایکی لاهور جەنگی و بەشداری بافڵ تاڵەبانی و ناردنی برووسکە لەلایەن قوباد تاڵەبانی و بەرپرسانی تری یەکێتیەوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەمێک پەیوەندی ئەو دوو باڵەی یەکێتی هێور بوەوە، بەڵام چاودێران پێشبینی دەکەن، ئەم رووداوە جارێکی تر پەیوەندیان تێکبداتەوە.

لە دوا رووداوی ناکۆکییەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، ١٩ ی ئازار هێزێکی یەکێتی دوو ئۆتۆمبیلی لە دوو کادیری یەکێتی سەر بە لاهور جەنگی لە ناو سلێمانی لێسەندەنەوە کە ئەوانیش، پەروین کاکە ‌‌حەمە) ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتیی و (لاوین ئازاد) بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ئۆفیسی  لاهور شێخ جەنگی بوو، لەپای ئەوەش نوسینگەی ناوبراو راگەیاندنێکی توندی لەسەر بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بڵاوکردەوە.



PM:10:30:02/04/2023