لەشەڕی ئەمرۆی نێوان پێشمەرگەو چەکدارانی داعش لاشەی ٧ چەکداری داعش دەکەوێت دەست پێشمەرگە، بەلآم میلیشیا شیعەکان دێن دووانیان سەردەبڕن و رەسمی لەپەنادا دەگرن.
ئەمرۆ کاتژمێر چواری بەیانی چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی ئینجانە کە دەکەوێتە سەررێگای شاری خورماتوو – تکریت و دوو رۆژە لەلایەن هێزی پێشمەرگە بەبەشداری هێزێكی کەمی میلیشیاکانی بەدر ئازادکرا، ئەو هێرشە کە ٥ کاتژمێری خایاندو داعش بەسەختی شکا، دوو پێشمەرگەش شەهیدبوون کە یەکێکیان ئەفسەربوو، هەروەها سێ ئەفسەری پلە بەرز برینداربوون لە پلەی عەقیدو موقەدەم، داعشیش ٧ لاشەی لەمەیدانی شەڕەکە جێهێشت.
دواتر میلیشیا شیعەکانی بەدر پاش تەواوبوونی شەڕەکە دێنە سەر لاشەکانی داعش و دووانیان سەر دەبڕن و وێنەی لەگەڵدا دەگرن و دواتر دەیانخەنە سەرپێشی هەمەرەکانیان و بەگوندی ئینجانەدا دەیان گێڕن.
سەرچآوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای رایگەیاند " سەربڕینی ئەم دوو کوژراوە لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە ئەو وێنەیەمان دەداتێ کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعش و میلیشیا شیعەکاندا نییە".
ئەو وتی" رەنگە لەدەیان شوێنی تریش دیلیشیان سەربڕیبێت، بەلآم هیچ لایەنێکی سێهەم ئامادەنەبووە لە شوێنی قەسابخانەکە، یان دووربووە لە چاوی میدیاکانەوە".