١٠ ئازار شکێنی سروشتی کە لە چێشتخانەکەتدا هەیە

پسپۆڕێکی ‌ زانستی ئازار و به‌نج  باس لە دە ئازار شکێنی سروشتی دەکات کە لە چێشتخانەکەتدا هەیە.

د. ھەڤین کمال شاە محمد پسپۆڕ لە زانستی ئازار وبەنج  لەوەڵی تایبەت بەخۆی لە فەیسبووک باس لە چەندین جۆری خواردن و شێوازی بەکارهێنانی دەکات وەک زەنجەبیل، سیر، مێخەک،نەعنا و دارچینی  ...چەندانی تر، بۆ ئەوەی دوور لە دەرمان و بەم خواردنە سروشتیانە چارەسەری ئازار بکەیت .

١- زەنجەبیل : دژە ھەوکردنەکانی تیادایە و مادەی ئیندۆرفین لەلەشدا زیاد دەکات کە ئازار شکێنێکی سروشتی یە ، ھەر بۆیە بەکارھێنانی دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی ئازاری ماسولکەو جومگەکان.
٢- سیر : دژە بەکتریایی تیادایە ، بەکاردێت بۆ چارەسەری ھەوکردنی جومگەکان و لەکاتی سەر مابوون دا.
٣- مێخەک : زیاتر لەکاتی ئازاری دان و ھەوکردنی پووک بەکاردێت ، ئەتوانیت بیجویت لە دەمتدا بۆ ماوەیەک ھەتا ئازارەکە نامێنێت.
٤- نەعنا : ئازار شکێنی سروشتی تیادایە کە مادەی( مێنتوڵ ) ە ، ئەگەر وەکو زەیت بەکار بھێنرێت بۆ مەساج کردن ، ھەروەھا ئەگەر بخورێت بۆ بۆ ئازاری تەھەیوجی کۆڵۆن و ھەوکردنی قورگ بەکار دێت.
٥- سرکەی سپی : لەکاتی پێوەدانی ھەنگ یاخود ھەر مشەخۆرێک دەخرێتە سەر شوێنی پێوەدانەکەو ئازار کەم دەکاتەوە لەگەڵ ئاوسان ، چونکە دژە ھەوکردن و ئازار شکێنی تیادایە ، ئەتوانرێت بۆ مەساج کردنیش بەکار بێت.
٦- بیبەری سووری تون (شگه‌): یەکێکە لەھەرە باشترین ئازار شکێنەکان ، وەکو بەنجی مەوزوعی کار دەکات ، و ئازاری دەمار سڕ دەکات و ھەست کردن بە ئازار کەم دەکاتەوە.
٧- دار چینی : وەکو ئازار شکێن بەکاردێت بەتایبەتی لەوانەی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە ، لەزستاندا بۆ گەرم بوونەوەی لەش و لەو کەسانەی سووڕی خوێنیان چالاک نیە بەکار دێت.
٨- زەردەچەوە : ئازار شکێنی سروشتی تیادایە کەبەشێوەی ماددەی (کورکمین ) ە ، دژە ھەوکردن و دژە ئۆکسانی تیادایە ، بەکاردێت لەوانەی ئازاری بەردەوامی جومگەکان و یاخود لەکاتی پێکان ئازاریان بۆ دروست ئەبێت.
٩- ئاو : بەکاردێت بۆ نەھێشتنی ووشکبوونەوەی خانەکانی لەش ، بە دانانی قاچ لەناو ئاوێکی شلەتێندا ئازار و ماندووبونی نامێنێت ، ھەروەھا لە ئەژنۆ و شانیش دا.
١٠- شەوەفان : زیاتر لە کاتی ئازاری ڕەحم و سووڕی مانگانە و ئازاری نەخۆشیە ژنانەکان کاریگەری ھەیە.



PM:08:30:08/04/2023