سەبارەت بە خەرجی و داهاتی سلێمانی روونكردنەوە دەدرێت


بەرپرسێكی پارێزگای سلێمانی زانیارییەكانی پەرلەمانتارێكی پارتی سەبارەت بە خەرجی و داهاتی پارێزگای سلێمانی رەتدەكاتەوە.

نزار محەمەد ئەمین رەزا، سەرۆكی فەرمانگەی وردبینی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەو زانیاریانەی هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی لەبارەی داهات و بودجەی سلێمانیەوە بڵاویكردۆتەوە رەتدەكەنەوە. 

نزار محەمەد ئەمین رەزا لەڕونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "ئێمە وەك فەرمانگەی وردبینی سلێمانی، هەمو ئەو زانیاریانەی هێڤیدار ئەحمەدی پەرلەمانتاری پارتی بڵاویكردۆتەوە، لەبارەی خەرجی و داهاتی سلێمانی و بەهەدەردانی دارایی، رەتدەكەینەوە و هیچ راپۆرتێكیشمان لەو بارەیەوە نەداوە".

پێشتر هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندبوو، هەموو مانگێك 83٪ی موچەی فەرمانبەرانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە هەولێرەوە بە كاش دەڕواتە سلێمانی كە دەكاتە 287 ملیار دینار، تەنیا دەبێت ئیدارەی سلێمانی (17٪)ی باقییەكەی دیكە لە داهاتی ناوخۆی ئەو دو پارێزگایە دابین بكات؟ دەڵێن (نییە)!.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردبوو "خەڵكی سلێمانی 100٪ دڵنیابن لەوەی (250 دیناریش) لە ماف و داهاتی سلێمانی لە هەولێر نامینێت و دێت بو سلێمانی، یەك دیناریش لە هەولێر نامینێت كە هی سلێمانییە و هەموی دەگەڕێتەوە سلێمانی. (بڕۆن بپرسن كوا داهاتی سلێمانی)".



PM:11:48:19/04/2023