کۆمپانیای نەوتی باکور داوایەکی یاسایی لەسەر سامانە سروشتیەکان تۆمار دەکات


سەبارەت بە داهاتی نەوتی بیرێکی کەرکوک، کۆمپانیای نەوتی باکور سکاڵا لەسەر سامانە سروشتیەکانی هەرێم تۆمار دەکات.


بەپێی نوسراوێکی فەرمی کە دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووە، کۆمپانیای نەوتی باکور کە ٢١/٣/٢٠٢٣ ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراقی کردووە، ئاماژە بۆ داهاتی نەوتی کەرکوک لە ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ کردووەو تیایدا هاتووە " وێستگەی قوببە لە (٢٤-٩-٢٠١٠)ەوە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستی بەسەردا گیراوە".

دیارە ئەو بیرە لەلایەن کۆمپانیای کارەوە بەرهەمهێنانی تیا کراوەو، لە نوسراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە هیچ گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای کاردا نییە کە لە وێستگەکە کار دەکات بۆیە سەبارەت بە داهاتی ئەو وێستگەیە هیچ زانیارییەکیان نییە.

ئەو نوسراوە دواتر بۆتە داوایی یاسایی و لە بەرواری ٢٥-٤-٢٠٢١ سکاڵا لەسەر وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دادگای بەرایی کەرکوک لەسەر دەستبەسەراگرتنی وێستگەی قوببە لە لایەن وەزارەتەکەیەوە تۆمارکراوە.

لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لە ١٢ی نیسانەوە سکاڵا لەسەر وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشێلکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ سەر کێڵگەی (خورمەڵە و کۆرمۆر) تۆمار کراوە".

کۆمپانیای کار کۆمپانیایەکی نزیک پارتی دیموکراتی کوردستانەو پشکی شێری هەیە لە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و هەندێک لە ناوچە جێناکۆکەکان.



PM:07:03:23/04/2023