وەزیری دارایی هەرێم: پارەی پێویستمان نییە بۆ مووچەی مانگی نیسان


وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند" پارەی پێویستمان لەبەردەست نییە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان".
 
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی رووداو لەسەر دۆخی دارایی هەرێم لەبارەی هاتنی ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداوە، ئاوات شێخ جەناب دەڵێت "ئەمڕۆ یەکشەممە نووسراومان بۆ بەغداوە کردووە و پارەکە هێشتا نەهاتووە".

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی ( ماوە بۆ درێژکراو) لە بارەی مووچەی مانگی نیسانەوە دەڵێت "دەمەوێ بە راستی قسە بکەم، ئەو پارەیەی ئێستا دەتوانین بڵێین ٤٠٠ ملیار دینارەکە ئامادەیە، ٧٠-٨٠ ملیارێکی مانگی پێشووش ماوەتەوە، ئەمەش بەتەنیا بەس نییە بۆ مووچە، ئەگەر خوابکات بە زوویی کێشەی عێراق و تورکیا چارەسەر ببێت و پارەی نەوتمان بۆ بێت، چونکە ئەگەر پارەی نەوتمان بۆ نەیەت، حسابکە ناقس ٥٠٠ ملیۆنمان دۆلارمان هەیە بۆ مووچە، بەڵام بەپێی رێککەوتن و یاسای بودجە، لە کاتی نەناردنی نەوت، بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق." 

 لەبارەی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریسەوە، ئاواتی شێخ جەناب وتی، "بڕیاری دادگەی پاریس، دوور و نزیک پەیوەندیی بە دۆسیەتی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، پەیوەستە بە را جیاییەکی یاسایی نێوان عێراق و تورکیا، ئەوەش بەشێکی لە بەرژەوەندی تورکیا و بەشێکی دیکەی لە بەرژەوەندی عێراق دەرچووە. شتێکی زۆر گرنگیشی بۆ کورد تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە دادگەی پاریس پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە شەرعی و رەوا زانیوە، ئەمە خاڵێکی ئەرێنی بۆ کورد جێگیر کردووە."  
 
وەزیری دارایی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە هەرێمدا نزیکی ٩٠ بانک هەیە، بەلآم هیچیان مواسەفاتی بانکیان تێدا نییەو، وتی " پارەیان تێدا نییە".



PM:10:20:30/04/2023