یه‌كێتی سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان داوای جێبه‌جێكردنی یاسا به‌ركاره‌كانی تایبه‌ت به مافی كرێكاران ده‌كات و دەڵێت" پێویسته هێنانی ده‌ستی كاری بیانی رابگیرێت".
به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی كرێكاران، مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان په‌یامێكی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا له لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ن، كار بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌رسێ یاسا به‌ركاره‌كانی خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، یاسای كار و یاسای رێكخستنی سه‌ندیكای بكه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی داواکارییەکەدا ئەوەش هاتووە" كرێی كاتژمێره‌كانی كاركردنی كرێكاران و موچه‌ی خانه‌شینییان زیاد بكرێت، ناوه‌ندێكی نیشتمانیی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تیی پیشەیی بۆ كرێكاران بكرێته‌وه و بیمه‌ی ته‌ندروستیی ده‌سته‌به‌ر بكرێت هەروەها به به‌رده‌وامی خولی هۆشیاركردنه‌وه بكرێنه‌وه و گرنگیی زیاتر به راهێنانی پیشه‌یی بۆ كرێكاران بدرێت".
هەروەها دا‌واشیان كردووه، هێنانی ده‌ستی كاری بیانی رابگیرێت، ته‌نیا له ئەو بوارانه نه‌بێت، كه پسپۆڕیەتییه‌كه‌یان له هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت و دۆخی بازاڕ كۆنترۆڵ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی نرخه‌كان له ئاست داهات و بژێویی خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت بێت.