بەغدا داوای قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان لە هەرێمى کوردستان دەکات

بەغدا داوای قەدەخەکردنی هەموو جۆرەکانی خواردنەوە کحولییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات و بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستانیش لە وەڵامدا دەڵێت، "جێبەجێکردنی ئەو داوایە پێویستی بە رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکردووە، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە و تاوەکو ئێستاش هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان نەوەستاوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی دەستەی گومرگی عێراق، کە لە ٤ی ئاداری ٢٠٢٣ ئاراستەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگی عێراق و فڕۆکەخانەی بەغدای کردووە، داوای لێکردوون، ئەو بڕگەیەی یاسای داهاتی شارەوانییەکان جێبەجێ بکەن کە تایبەتن بە قەدەغەکردنی هاوردەکردن و دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان.
 
رۆژی ٣ی ئایاری ٢٠٢٣ ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر بڕیارێکی لەو جۆرە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دەربکرێت و بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ جێبەجێکردنی."
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "تاوەکو ئێستا هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ڕانەگیراوە."
 
بەگوێرەی یاسای داهاتی شارەوانییەکان کە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٣ بڵاوکرایەوە، هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە قەدەغە دەکرێت، سزاکەشی لە ١٠ ملیۆن دینار کەمتر نابێت و لە ٢٥ ملیۆن دیناریش زیاتر نابێت.



AM:12:12:04/05/2023