یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشدارى دەداتە لایەنە سیاسییەکانى هەرێم

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداری دەدات بە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "گەورەترین مەترسی و هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان ناکۆکی و دابەشبونی نێوماڵی کوردی خۆیەتی".

باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان هەمو ئەو شتانەی هەیە کە دەتوانێت لە ڕێگایانەوە ئابوری گەشەسەندو و سەقامگیری بەدیبهێنێت. خواستی ڕاستەقینە بۆ ڕێککەوتن و یەکگرتویی یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکان کە هەرێمی کوردستان لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە".

ئەم وتانەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بو کە رۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بەڕێوەچو.

لیف لەقسەکانیدا ڕونیکردەوە، "مەبەستم لە یەکگرتویی و یەکبون واتای بونی یەک پارتی سیاسی نییە، بەڵکو فرەڕەنگی و فرەچەشنی گرنگە هەبێت. لەنێو ماڵی کوردی ئەوەی کە ئێستا مەترسییە نەبونی ئیرادەو هەوڵی یەکگرتوییە".

دەربارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی، "ئەمەریکا نیگەرانە لەو دابەشکاری و دوبەرەکییەی لەنێو ماڵی کوردیدا هەیە".

وتیشی، "ئەم دوبەرەکییە زیانی هەیە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچەکە، ئەمەش واتای ئەگەر ئەم دۆخە باش نەبێت بۆ خەڵکی کوردستان ئەوا باش نابێت بۆ هەمو عێراق و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاش".

ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا ئاماژەی دا بە کۆبونەوەکانی لەگەڵ بەرپسانی هەرێمی کوردستان و وتی، هانی داون بۆ دانیشتن و ڕێکەوتن لەسەر ناکۆکییەکان.

وتیشی، "لەوڵاتی ئێمەش ناکۆکی هەبوە، بەڵام کاری سەرکردە سیاسییەکان ئەوەیە دابنیشن و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن بکەن. بەرژەوەندی خەڵکیش لەسەرو هەمو بەرژەوەندییەکانە."

لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی هەندێکجار لەلایەن بەرپرسانی کوردەوە گلەیی ئەوە لە ئەمەریکا دەکەن کە وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی لەکورد ناڕوانن، باربارا لیف پەیوەندی ئەمەریکای لەگەڵ گەلی کورد بە "مێژویی" ناوبرد.

ئەو ڕایگەیاند، "هەموان دەزانن کە پەیوەندییەکی مێژویی باشمان لەگەڵ سەرکردەکانی کورد هەبوە. بەبەردەوامی چەندیش جاریش دوپاتمان کردۆتەوە کە هەرێمی کوردستانێکی بەهێزو یەکگرتو لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا زۆر گرنگەو لەبەرژەوەندی هەمو لایەکدا دەبێت. قوربانی و بەرژەوەندی هاوبەشمان هەبوە. هەمیشە دەرفەتی ئەوەش هەیە پەیوەندییەکانمان لە ئایندە فراوانتر بکەین".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بە بەرتەسکبونەوەی ئازادی ڕۆژنامەوانی کرد لەهەرێمی کوردستان و وتی: "لەچەند ساڵی ڕابردودا ئازادی ڕۆژنامەوانی لەهەرێم بەرەو بەرتەسکبونەوە چوە، هەمو ئەو پێشێلکارییانەی کراون لە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوە ساڵانە بڵاوکراونەتەوە، میدیای ئازادو سەربەخۆ شانبەشانی دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ ڕۆڵی گرنگییان هەیە لە پێشکەوتنی دیموکراسیدا لەهەر وڵاتێکدا".

سەرەتای مانگی ڕابردو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەڕێگای درۆنەوە بۆردومانکرا، بەوتەی وتەبێژی هەسەدە بۆردومانەکە بۆ کاروانی ئۆتۆمبێلی شاندێکی هاوپەیمانان و فەرماندەی گشتی هەسەدە (مەزڵوم عەبدی) بوە کە بەمەبەستی دانانی پلانی هاوبەش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر سەردانی سلێمانیان کردوە.

هەرچەندە تائەم ساتەش بەفەرمی تورکیا بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگاەیاندوە، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە و یەکێتی و بەشێک لەپەرلەمانتارانی عێراق تورکیا تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە.

باربارا لیف سەبارەت بەبۆردومانی فڕۆکەخانەی سلێمانی وتی: "ئێمە دژی هەر بۆردومان و هێرشێکین کە هاوڵاتیانی سڤیل و ئەندامانی هێزەکانی هاوپەیمانان بکەنە ئامانج، داواش لە دراوسێکانی عێراق دەکەین ڕێز لەسەرەوەری خاکی عێراق بگرن".

تەوەرێکی تری قسەکانی لیف تایبەت بو بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، لیف وتی"ئێمە ئەوە ناونانێین ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا، بەڵکو ناوی دەنێم ڕێککەوتن کە لەڕێی گفتوگۆوە لەنێوان هەردولادا ئەنجامدراوە".

وتیشی"ئەم ڕێککەوتنە هەم بۆ بەغداو هەرێم و هەم بۆ خەڵکی باشە، ئێمە پشیتیوانی لێدەکەین و هانی دەدەین، هیوادارین بەزوترین کاتیش هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگای تورکیاوە دەستپێبکاتەوە".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وتیشی"سەردانی ئەم جارەم بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان شتی سەرنجڕاکێشی تێدابو، جیاواز لە دوایین سەردانی پێشوم کە لەسەرەتای پێکهێنانی حکومەتی عێراق بو، ئەوەی بۆ من جێی سەرنج و خۆشحاڵی بو ئەوەبو کە بەغداو هەرێم شتی باش لەسەر یەکتر دەڵێن."

 




PM:02:09:05/05/2023