پارتی: لەگەڵ یەکێتی هەموو کێشەکان چارسەرکران، ئەوەی هەیە بیانوگرتنەوە


ئەندامێکی دیاری شاندی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت " لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرجەم کێشەکان چارەسەر کراون و ئەوەی هەیە بیانووگرتنە".

عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی شاندی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیا حیزبەکەی راگەیاندووە " بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو بەربەستانە چارەسەر بکرێن دەبێ ئەم جارە لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە بکرێت".

ئەندامی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەشڵێت " پرسی هەڵبژاردن و ئەوانەی گرێدراوی هەڵبژاردنن هیچ گرفتێک نەما و پارتی هاتووەتە پێش و هەموو ئەو داواکارییانەی ئەوان بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت پارتی ڕازی بوو و ژمارەی کورسیی بازنەکان و دەنگدان نیوەی لەسەر بنەمای دەنگدان و نیوەشی لەسەر بنەمای لیست بێت، ئەوانەمان هەموو قبووڵ کردووە".

عەبدولسەلام بەراوری جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوەی بووەتە بەربەست ئەو کێشانەیە یەکێتی دروستی دەکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت و، دەشڵێت " بۆیە پێویستە دانیشتن بکرێت لە نێوان پارتی و یەکێتی و پەیوەندییەکان ئاسایی بکرێنەوە و سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبن.''

"پێویستە ئەم جارە کە دانیشتن دەکرێت لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی دەزگاکانی هەڵبژاردن نەبێت، چونکە سوودێکی وای نابێت، بۆیە پێویستە ئەم جارە لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە بکرێت، چونکە دیارە ئەو چارەسەرەی بۆ کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن باس دەکرێت بیانووە، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوە بکرێت و ڕووبەڕوو سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن".( عەبدولسەلام بەرواری ).



PM:09:08:07/05/2023