دەروازەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی ئایاری ٢٠٢٣ دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بەشێوەیەکی فەرمی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە، ئەمەش دوای ساڵێك لە كاركردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی دروستكردنی رێگای سەرەكیی دەروازە نێودەوڵەتییەكە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا.

دەروازەی نێودەوڵەتی زێت دەکەوێتە سنووری ناحییەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی مستەفا بارزانی، پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشێوەیەکی فەرمی کرایەوە.

ئەم دەروازیە دەبێتە دەروازەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، چەند ساڵێکە کارکردن لەسەر دروستکردنی رێگەیەکی سەرەکی بۆ دەروازەکە بەردەوامە.

دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، یەکەم دەروازەیە پارێزگای هەولێر و پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

غەفوور ئەحمەد، قایمقامی مێرگەسۆر لەمیانی رێورەسمی کردنەوەی دەروازەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا رایگەیاند، "ساڵی ٢٠١٣ بڕیاری کردنەوەی دەروازەی زێت دەرچووە، وتیشی:"دەروازەی زێت ئاسانکارییەکی تەواو بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە دەکات".

قایمقامی مێرگەسۆر راشیگەیاند، "لەرێگەی کردنەوەی ئەم دەروازە نێودەوڵەتییەوە، هەرێمی کوردستان بوژانەوەی ئابووری و گەشتیاری بەخۆیەوە دەبینێت و هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی سنوورەکە پەیدا دەبێت".

دەروازەی زێت، سێیەمین دەروازەی نێودەوڵەتییە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.

لە قۆناغی یەکەمدا، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە و، لە قۆناغی دووەمیشدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەکرێت.


PM:03:04:10/05/2023