سودانی داوا لە بارزانی دەکات بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانی عێراقێکی نوێ

سەرۆک وەزیرانی عێراق  ئەمڕۆ پێنج شەممە لە رێورەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی بارزان داوای لە مەسعود بارزانی کرد کە بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانی عێراقێکی نوێ.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێوڕەسمەکەدا سەبارەت وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند" مستەفا بارزانی خەباتی لە بەرامبەر ستەمکاران کردووە و گەلی کورد لەم سنوورەدا (بارزان) خەباتیان کردووە و قوربانییان داوە".

وتیشی" هەموو پێکهاتەکانی هەرێم رووبەڕووی داگیرکاری و تاوانەکانی رژێمی بەعس بوونەتەوە و سەلماندیان گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ستەم قبوڵ ناکەن". 

هەروەها لای خۆشیەوە له‌تیف ره‌شید سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند" هەرێمی کوردستان و عێراق رووبه‌ڕووی ئاڵانگارییه‌كی گه‌وره‌ بووه‌ته‌وه‌ و پێویسته‌ ده‌رفه‌تەكان له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن". 

راشیگەیاند" نیەتێکی باش لەلایەن هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ سەرخستنی دیالۆگی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە گرفتە سیاسییەکان".


PM:01:12:11/05/2023