بارزانی: پێویستە لایەن و هێزە کوردییەکان کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم یەکلای بکەنەوە

سەرۆکی پارتی ڕایدەگەیەنێت" پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بەسەر ناکۆکییە ناوخۆییەکان زاڵبن و کار بۆ چارەسەرکردنیان بکەن". 

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە دووەم رۆژی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی رایگەیاند" مێژوی خەباتی گەلەکەمان زۆر شێوێندراوە، ئەو دەوڵەتانەی کە زوڵم غەدرێکی زۆری لێکردوین، هەمیشە وایان نیشانداوە کە یاسا جێبەجێ بکەن، ئێمەش رێگر و خەڵکێکی دژی یاساین، کەچی بە پێچەوانە بووە، ئەوان زوڵمیان کردوە، میللەتی ئێمەش دیفاعی لە خۆی کردوە".

هەر لە وتارەکەیدا بارزانی کەشوهەوای سیاسی نێوان هەولێر و بەغدای بە ئەرێنی وەسفکرد و وتی" لە چوارچێوەی بەردەوامی کارکردن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامین".

سەبارەت بەو دەستپێشخەرییەی دوێنێ بۆ یەکلاکردنەوەی کۆبوونەوەیەکی نێوان لایەنە کوردستانییەکان خستیەڕوو مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەکرد" دەستپێشخەرییەکەمان جدییە و دەمانەوێت لە ڕێگەیەوە ڕیزەکانی کورد یەکبخەین و کۆتایی بەو گرژییە بهێنین کە ڕوودەدات".

هەروەها هیواشی خواست کە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانی کوردستان بتوانن ئەو کێشە و ناکۆکییە سیاسییانەی لە نێوانیاندا هەن چارەسەر بکەن. 

دوێنێ پێنجشەممە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد لە ڕۆژانی داهاتوودا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، بە ئامانجی تێپەڕاندنی ناکۆکی نێوانیان.


PM:01:10:12/05/2023