"ناكرێت خەڵكێكی ناپسپۆڕ بنێردرێتە سەرمان‌ و بەڕێوەبەر لە ژوورەكەی بكەنە دەرەوە"

هێزێکی تایبەت کە تائێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە، چوونە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت و دوای کردنە دەرەوەی بەڕێوەبەر و کارمەندەکانی و مانەوەیان بۆ چەند کاتژمێریک فڕۆکەخانەکەیان بەجێهێشت، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکەش دەڵێت" دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی دوای ئاگاداربوونیان لە ڕووداوەکە شێت بوون بەم هێرشە". 

نەورۆز عەبدولقادر بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" بەبێ هەبوونی نوسراوو بەڵگەنامەی فەرمی، هێزێک هاتنە سەر فڕۆکەخانەکەمان. خۆم و کارمەندەکانیان دەرکرد و فڕۆکە خانەکەیان پشکنی". 

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە وتیشی" دوای ڕووداوەکە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی لەم هێرشە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام پێیان وتین جگە لە ئێمە کەسی تر خاوەنی فڕۆکەخانە نیە، بۆیە تەواو توڕە و نیگەران بوون لە ڕووداوەکە". 

ڕاشیگەیاند" هاتنی ئەو هێزە بۆسەر فڕۆکەخانەکەمان لە کاتێکدایە، ڕەنگە لەسەر فڕۆکەخانەکە شتیان پێگەشتبێت، بۆیە لیژنەیەکی بێ چەک هاتنە سەرمان کە فڕۆکەی هاتووچۆیان پێ بوو، خۆم و کارمەندەکانیان کردە دەرەوە، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەناو فڕۆکەخانە مانەوە و ژورەکانیان پشکنی". 

ئەو هێزەی بە پێی وتەی نەورۆز عەبدولقادر فڕۆکەخانەکەیان پشکنیوە لە کاتژمێر ٩ی سەر لەبەیانیەوە هەتا کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ لە نێو فڕۆکەخانەکە ماونەتەوە، بەڵام بەپێی وتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە هێشتا دیار نیە هیچ شتێکیان لەگەڵ خۆیان بردبێت.

نەورۆز عەبدولقادر وتی، " نیگەرانی ئێمە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، دەبوایە پێشوەخت لە هاتنی هێزەکە ئاگاداربکراینەتەوە، ناشکرێت خەڵکێکی نا پسپۆڕ بنێردرێتە سەرمان و بەڕێوەبەر لە ژورەکەی بکەنە دەرەوە". 

نەورۆز عەبدولقادر وتیشی" هێزەکە بە فڕۆکەی هاتووچۆ هاتنە سەرمان، نازانم ئەوان ئیشیان چیە لای ئێمە، ڕێگەشماندان بچنە ژورەوە هەتا هەڵەمان بەرامبەر نەکەن، چونکە ئێمە خەڵکی پڕۆفیشناڵ و ئەکادیمین". 

فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەکەوێتە شارۆچکەی عەربەت لە باشوری شاری سلێمانی و گەورەترین فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

فڕۆکەخانەکە لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠٠٧ بڕوانامەی ڕێ پێدانی بە مەبەستی قەڵاچۆکردنی ئافاتە کشتوکاڵیەکان بەدەستهێناوە و لە ساڵی ٢٠١٧ وەک سێیەم فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان و حەوتەم فڕۆکەخانەی عێراق بە فەرمی ناسێنراوە.


AM:11:13:16/05/2023