لەسەر داخستنی دەروازەی سێمێلكا ئیدارەی خۆسەر وەڵامی پارتی دایەوە


ئیدارەی دەروازەی سنوری سێمێلكا سەر بە ئیدارەی خۆسەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە لە وەڵامی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە بریاری ئیدارەی سنوور كە سەر بە پارتییە دەرگاكەیان داخستووە.

رۆژی ١١ی ئایار بەرپرسانی هەرێم دەروازەی سمێلكای نێوان هەرێم و رۆژئاوای كوردستانیان داخست، ئەو كاتە لایەنی رۆژئاوای كوردستان داخستنی دەروازەكەی خستەپاڵ هەرێم و بەبێ هۆكار ناوزەدیان كرد.

ئیدارەی دەروازەی سنووری سێمێلكا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "پارتی  لەژێر خۆنمایشكردنی درۆدا هەوڵی ئەوە دەدات دەرگاكە وەك ئامرازێكی گوشار بەكاربهێنێت، پێویستە گەلەكەمان بزانێت كە پارتی دەرگاكە لە دژی ئێمە بەكاردەهێنێت بۆ شكاندنی ئیرادەی ئێمە و حكومەتەكەمان هەروەها پەدەكە ڕێگە بە تێپەڕبوونی بریندارەكان نادات تا چارەسەر وەربگرن".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "بەشێك لە بریندارەكان شەهید بوون، چونكە ڕێگەیان پێنەدراوە لە دەروازەكە تێپەڕن، لە هەمانكاتدا لەبەر ئەوەی دژی ENKSن، زۆرێك لە هاووڵاتیان ڕێگەیان پێنادرێت لە باشوور بپەڕنەوە. سەبارەت بەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت بچنە باشوور، لێكۆڵینەوەی هەواڵگریان لەگەڵ ئەنجام دەدرێت".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوە كرا "هیچ ڕێوشوێنێكیان نەگرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچەكە زیانیان پێ نەگات، هەمیشە بانگەوازێك هەبووە كە پرسی مرۆڤایەتی لە پرسە سیاسییەكان دوور بخرێتەوە".

ئیدارەی سنوری سێمێلكا وتویەتی "ئێمە دەرگاكە بۆ بارودۆخی مرۆڤایەتی بەكاردێنین، پەدەكە بەم جۆرە تۆمەتانە دەیەوێت پێشێلكارییەكانی دژی گەلی ڕۆژاڤامان بشارێتەوە".




PM:10:41:16/05/2023