زانیاری نوێ سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی و هەڵەبجە


یەكێتی نیشتمانی كوردستان سوورە لەسەر گۆڕانكاریكردن لە هەندێك پۆستی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لەنێوان خۆی و بزووتنەوەی گۆڕان.

بەپێی زانیارییەكانی (سپی)، لەماوەی رابردوودا چەند كۆبوونەوەیەك لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەمەبەستی ئاڵوگۆڕ لە چەند پۆستێك لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كراون، لەو رووەشەوە یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی هەندیك پۆست لە گۆران وەربگریتەوە و پۆستی دیكەیان پیبدات.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان كردۆتەوە و هەمانكات پۆستی قایمقامی سلێمانیش لای خۆی بمێنێتەوە، لەبەرامبەریشدا پۆستی جێگرانی پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاری هەڵەبجە بداتە بزووتنەوەی گۆڕان.

دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە بەهاری 2014ەوە، رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی لە نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستەكانی سلێمانی و هەڵەبجە هەیە، لەو رووەشەوە چەند جارێك ئاڵوگۆڕ بە پۆستی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كراون.



PM:11:45:16/05/2023