دوای شکستهێنانی رێککەوتن لەسەر کۆتاکان، پارتی داوا دەکات لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە فراکسیۆنی پارتی بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، داوایەکی فەرمی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) کرد.

زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، کەمێک پێش ئێستا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین و هەنگاوەکانمان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەستپێدەکەین". 

زانا مەلا خالید ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ داواکارییەکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) کردووە کە بریتییە لە زیادکردنی دوو بڕگە بۆ کارنامەی دانیشتنی سبەینێ کە یەکێکیان کاراکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە خۆدەگرێت و دووەمیان هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە. 

هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاشکراشیکرد، لە هەموو کۆبونەوەکانیان لەگەڵ (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی) هەوڵیانداوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر چۆنیەتی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن لەسەر بنەمای داواکاری ئەو لایەنە سیاسیانە کە کۆمیسیۆنی ئێستا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو وەکو خۆی کارابکرێتەوە و کار بە بنەمای بەرکەوتەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٨) نەکرێت. 

وتیشی" پارتی بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێشنیازی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی قبوڵکرد، هەروەها هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنیشی قبوڵکرد لەگەڵ ئەو پێشنیازانەی کە لەلایەن ئەو لایەنانە پێشکەشکران، بە تایبەتی یەکێتی داوایان لێکردین کە هەرێمی کوردستان لە بری یەک بازنەی چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەبێت و سیستمی کاندیدکردن بکرێت (٥٠% بە ٥٠%)، بۆ ئەوەی شێوازی دەستنیشانکردنی کاندید نیوەی بە لیستی کراوە و نیوەکەی دیکەی بە لیستی نیمچە کراوە بێت، ئامێری ئەلیکترۆنی کۆمسیۆنی عێراق بکرێتە بنەما و دابەشکردنی کورسی بەسەر پارێزگاکاندا لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراقی بێت". 

ڕاشیگەیاند" لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر (١٠٠) کورسی پەرلەمان ڕێککەوتووین، و (١١) کورسییەکەی دیکەش پشکی پێکهاتەکانە کە رای جیاواز لە نێوان ئێمە و برادەرانی یەکێتی هەبووە، پێشتر رامانگەیاندوە کە نابێت نە ئێمە و نە برادەرانی یەکێتی ئەو حەقە بە خۆمان بدەین کە لەسەر کورسی پێکهاتەکان بڕیاربدەین، ئەوان وجودیان هەیە و بەشدارن لە حکومەتی هەرێم و دەبێت خۆیان بڕیاربدەن لەسەر شێوازی بەشداریان".

دەشڵێت" دوای ئەم زنجیرە کۆبونەوەیە و نەگەیشتن بە ئەنجام لەگەڵ برادەرانی یەکێتی هەست دەکەین ئەم بۆشاییە لە هەرێمی کوردستان دروستدەبێت کە بۆشاییەکی یاساییە بۆیە بەرپرسیارێتی (٤٥) ئەندامی پارتی زیاترە لە لایەنە سیاسیەکانی دیکە بۆ رێگەگرتن لە دروستبونی بۆشایی لە هەرێمی کوردستان".


PM:02:44:21/05/2023