سپی هەڵوێستی لایەنەکان بەشداربووی کۆبنەوەکەی گردی گۆڕان لە سلێمانی بڵاودەکاتەوە

لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کورد کە کە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسی بەشداربوون لە حکومەتی عەبادی سازکرا، هەموو لایەنەکان لەگەڵ بەشداریکردندا بوون، تەنها گۆڕان نەبێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو کۆبوونەوەیەوە کە ٨ ی ئەیلول لە گردی زەرگەتە سازکرا بە سپی میدیای راگەیاند" هەموو لایەنەکان پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکان و لەگەڵ بەشداریکردندا لە کابینەکەی مالکی، تەنها بزووتنەوەی گۆڕان نەبێت کە لە گەڵ ئەودابوو کورد پاشەکشە بکات لەبەغدا".

ئەو سەرچاوەیە وتی " ئەم هەڵوێستەی گۆڕان لەزاری نوێنەری گۆڕان کە لەو کۆبوونەوەیەدا عومەری سەید عەلی بووە راگەیەنراوەو، داواشی کردووە کە با هەموو نوێنەرانی کورد لەبەغدا بکشێنینەوە".

سەبارەت بە هەڵوێستی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەو پرسە، سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد عومەری سەید عەلی نوێنەری گۆران بووەو نەوشیروان مستەفا تەنها سەرکردایەتی کۆبوونەوەکەی کردووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە فەخری کەریم وەک راوێژکاری بارزانی و فواد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی نوێنەرایەتی بارزانیان کردووە، هەردووکیان لەگەڵ ئەوە دابوون کە کورد بەشداری کابینەکەی عەبادی بکات.( واتە سەرۆکی هەرێمیش لەگەڵ بەشداریکردندایە).

 نێچیرڤان بارزانی کە سەرۆکی حکومەتەو وەک نوێنەری پارتیش بەشداری کۆبوونەوەکەی کردووە لەگەڵ هەریەک لە د. رۆژ شاوەیش و هۆشیار زێباریش، بە کۆسرەت رەسوڵ و وەفدی یەکێتی و ئیسلامییەکانیشەوە، هەموویان لەگەڵ ئەوەدابوون کە کورد بەشداری کابینەکەی عەبادی بکات.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد، پاش ئەوەی زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ بەشداریکردندا بوون، ئەو دەمە گۆڕان پێشنیاری ئەوەی کرد کە سێ مانگ مۆڵەت بدرێت بە عەبادی و کابینەکەی بۆ ئەوەی داواکارییەکانی کورد جێبەجی بکات و هەنگاوی بۆ بنێت.( ئەو سێ مانگە بۆ دەرفەتدانە بە عەبادی کە تاچەند بەدەم جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کوردەوە دەچێت).
   
 



AM:11:51:10/09/2014