"نەوشیروان نە بەرپرسە لە دۆسیەی بەغداو نەدەیەوێت بەرپرسی بێت"

لەگەڵ سازکردنی دوا کۆبوونەوەی پرسی بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی عێراق، دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە کە چیتر دۆسیەی کورد لەبەغدا دەکەوێتە لای رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی گٶرانەوە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە لەگەڵ سازدانی کۆتا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کورد لەسەر پرسی بەغدا لە مەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لە هەندێک ناوەندی سیاسی باس لەوە دەکرا کە ئەو دۆسیەیە چیتر لەلایەن رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفاوە سەرکردایەتی دەکرێت، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕان ئەو زانیاریانەی بە ناراست دایە قەڵەم.

ئەو سەرچاوەیە وتی " وابڕیار بوو کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی وەفدی دانوستانکاری کورد لەبەغدا و سەرکردایەتی کورد لە مەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی سازبکرێت، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، وەفدەکە نەیانتوانی بێن بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەکە لە هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و فواد حسێن سازکرا".

سەرچاوەکەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کۆبوونەوەی ئەمجارە گواسترایەوە بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەکە وەک هەفتەی پێشوو بڕیاری لەسەر درابوو کە لەمەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان سازبکرێت، ئەوە بوو رۆژی ٨ ی ئەیلول بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە سلێمانی سازکرا.

سەبارەت بە سپاردنی ئەو دۆسیەیە بە نەوشیروان مستەفا لەلایەن بارزانیەوە، سەرچاوەکەی سپی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئەو زانیاریانە راست نین و نەوشیروان مستەفاش نایەوێت سەرپەرشتی ئەو دۆسیەیە بکات".
     



PM:08:06:10/09/2014