"دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم و كۆمسیۆنی بەغدا رێكبكەون بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن"


یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت،  "دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ بەنایاسایی ناساندنی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی كورستان لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق رێكبكەون تاوەكو ئەو كۆمیسیۆنە سەرپەرشتیی هەڵبژاردن بكات".
 
یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كە یەكێكە لەو كەسانەی سكاڵاكەی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركردبوو بە میدیاكانی راگەیاندووە "ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگی فیدراڵی عێراق قۆناغێكی گرنگە لە بەرەو پێشچوونی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان".
 
ناوبراو روونیكردۆتەوە "بەهۆی ئەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان كارا نەبووەتەوە، داوای كردووە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان بكات".
 
هەروەها دەڵێت "بە گوێرەی بڕیارەكەی دادگی باڵای فیدراڵی عێراق، هەر بڕیار و یاسایەك دوای درێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی كوردستان لە 6-11-2022ـەوە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووبێت "نایاسایی و نادەستوورییە".
 
یوسف محەمەد وتویەتی "دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بیر لەوە بكەنەوە لە رووی تەكنیكییەوە لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق رێكبكەون كە ئەوان سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكەن".





PM:10:16:30/05/2023