شەپۆلێكی گەرما هەرێم دەگرێتەوە و لە سەنتەری پارێزگاکانیش پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە

شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت" لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە ھەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی ئەمشەو چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە ھەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئەویش لە ئەنجامی بەردەوامی ھاتنی بارستە ھەوای گەرمە کە لە باکوری ئەفریقاوە بۆ سەر ناوچەکانمان درێژ دەبێتەوە". 

ڕاشیگەیاند" ئەو بارستە هەوا گەرمە ھەندێ شێ لەگەڵ خۆیدا دەھێنێت، بەڵام لە قۆناغی ئەم جارەدا کاریگەری بارستە ھەوا ساردەکانی سەرەوەی بەرگە ھەوا لەسەر دەریای ناوەراست لاوازبووە، بۆیە دۆخەکە نابێتە ھۆی بارانبارین، بەڵكو تەنھا ھەوری وشک و بێباران دروست دەبێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە گەرمایە لە ماوەی ڕۆژانی ٣-٦ بۆ ٦-٦ پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم بەرزدەبێتەوە (ھەولێر ٣٧ تا ٣٨ پلە ، سلێمانی ٣٥ تا ٣٦ پلە ، دھۆک ٣٦ تا ٣٧ پلە ، ھەڵەبجە ٣٧ تا ٣٨ پلە ، کەرکوک ٣٩ تا ٤٠ پلە )، لە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان لە نێوان ٤٢ تا ٤٣ پلە بەرزدەبێتەوە.


PM:09:05:31/05/2023