هەدەپە کۆنگرەی نائاسایی حزبەکەی دەبەستێت

وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ڕایدەگەیەنێت" پارتەکەی بڕیاری داوە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی دەستپێبکات". 

ئەبرو گونای وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە بارەگای گشتی هەدەپە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دوای ڕاوێژ و ڕا گۆڕینەوە لەگەڵ ڕێکخستنەکانی هەدەپە و ئەندام و لایەنگرانمان کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی کە بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە دواخرابوو دیاری دەکەین". 

گونای وتیشی" لەم پرۆسەیەدا بە ئیرادەیەکی بەهێز و ڕەخنە لە خۆگرتن و ڕەخنەی دروستکەرانە بەرەو کۆنگرە هەنگاو دەنێین". 

جەختیشیکردەوە، بۆ ئەوان سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردووە و پرۆسەی لێپرسینەوەی ڕێکخراو لە ڕێگای کۆنفرانس و کۆنگرەکانەوە تەواو دەکەن. 


PM:06:34:01/06/2023