بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە قەزای کفری بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە شەڕەتەقە لەنێوان خێزانێک دروستبوو و سێ برا برینداربوون، تەقەکەر و برینداری رووداوەکەش برای یەکدین.
بەپێی زانیارییەکانی، ناکۆکیی ئەو خێزانە لەنێوان چوار برادا بووە کە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، کاژێر دەوروبەری ٢ـی بەیانی تەقەیان کردووە و سیانیان برینداربوون.
عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند،" لە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری چارەسەری پێویست بۆ بریندارەکان کراوە و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی کەلار کراون".
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە ڕووداویشی وتووە، "پۆلیسی قەزای کفری چوونەتە شوێنی رووداوەکە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی ٣١/٤٠٥ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەر چوار تۆمەتبار کە برای یەکدین، دەرچووە".
عەلی جەمال قەدووری ئاماژەی بەوەشکرد، سێ لە تۆمەتباران بە برینداری دەستگیرکراون و یەکێک لە بریندارەکان هەڵاتووە و پۆلیس لە هەوڵی دەستگیرکردنیدان.