"هەولێر و بەغدا لەسەر بڕگەی پاشەكەوتی مووچە لە بودجەدا ڕێككەوتن"

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سیادە ڕایدەگەیەنێت،" ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مادەکانی ١٣ و ١٤ی پەیوەست بە ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پشكی بودجە بەردەوامە".

عەدنان جحێشی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سیادە بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، "ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە پارەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەرانی کوردستان، ڕێککەوتنێک لەبارەیەوە کراوە، تەنها جیاوازی تەکنیکی دەمێنێتەوە، کە بە زووترین کات دەتوانرێت تێپەڕێنرێت بەڵام وردەكاری ڕێككەوتنەكەی ئاشكرانەكردووە.

وتیشی: "ناکۆکییەکان لە ئێستادا لە دەوری مادەکانی ١٣ و ١٤ دەسوڕێتەوە، کە پەیوەندییان بە ڕادەستکردنی نەوت بۆ حکومەتی فیدڕاڵی هەیە و ،ئەم ناکۆکییانە پێویستی بە گفتوگۆی هاوبەش هەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی بگاتە ڕێككەوتن بۆ دەنگدانی كۆتایی و یاسای بودجەی گشتی تێپەڕێنرێت، بۆیە هیوادارین لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەمە ڕووبدات".

لای خۆشیەوە، محەمەد شەبەكی، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاندووە، "پێشبینی ئەوە دەكەن، كە بودجە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە تێپەڕێنرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لیژنەی دارایی دوا بڕگەکانی پەیوەست بە بودجەی تەواو کردووە".

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، گفتوگۆكان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بەردەوامن.


PM:06:52:04/06/2023