حکومەتی هەرێم داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات داکۆکی لە مافە دەستوریەکانی هەرێم بکەن


ئەنجوومەنی وەزیرانی (ماوە بۆ درێژکراوە) داوا لە فراکسیۆنە کوردستانیەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات داکۆکی لە مافە دەستوریەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەمڕۆ چوار شەممە ٧ ی حوزەیران ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ( ماوە بۆ درێژکراوە ) کۆبووەوە؛ یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بوو.
 
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە دوای کۆبوونەوەکەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥ و، بابەتی هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ واژۆ کراوە.
 
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە " حکومەتی هەرێم پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بودجە دووپات کردەوە، کە ئەنجامی گفتوگۆیەکی چڕ و لە سەر بنەمایەکی یاسایی و زانستییانە و دادپەروەرانە بووە، بۆیە داکۆکی لە دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات".
 
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ( ماوە بۆ درێژکراوە) دا داوا لە گشت فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە، "بە هەماهەنگی و لەپێناو یەکڕیزی، بەرگری لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی  هەرێم لەنێو پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵدا بکەن".

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە بەشداری نوێنەرانی یەکێتی و پارتی دوا کۆبوونەوەی خۆی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە کرد و بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق دەنگی پێبدات. 



PM:05:55:07/06/2023