پارتی:شەنگال قەڵای زەردە، هەندێک لایەن بە موزایەدە دەیانەوێت پارتی لەکەدار بکەن

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی هێمن هەورامی رایگەیاند، هەندێ‌ لایەنی سیاسی بە درێژایی مێژوو لە بادینان دۆڕاون، لە ئێستایشدا دەیانەوێت بە موزایەدەكردن بە كارەساتی شنگال، كە بە ئەنفالێكی تری كوردی چواند، پارتیی دیموكراتی كوردستانی پێ‌ لەكەدار بكەن.( بێ ئەوەی ئاماژە بۆ لایەنەکە بکات).

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دەربارەی شنگال زیاتر وتی "شنگال هەموو كات قەڵای زەردی پارتی بووە، هەر بە زەردییش دەمێنێتەوە".
سەبارەت بە پلانی ئەمەریکا بۆ بنەبڕکردنی داعش کە شەوی رابردوو ئۆباما خوێندەیەوە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی، بە وەرچەرخانێكی گەورەی ستراتیژی ناو برد، كە تێیدا باسی لە پڕچەككردنی هێزەکانی پێشمەرگەی كوردستان و پشتیوانیی گەلی كورد کرد، جەختیشی کردەوە، هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا كارەكتەرێكی كارتێكەرە، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لە كوردستان روو بدات، لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كاریگەری دادەنێت و بە پێچەوانەیشەوە.

هێمن هەورامی ئەم قسانەی لە چوارچێوەی  سیمینارێکی جەماوەریدا بوو کە پێنجشەممە لە لایەن لقی 26-ی گوڵانەوە، بۆی سازکرابوو.



PM:12:55:12/09/2014