داوای یەکلایکردنەوەی زەویەکانی ڕێگای سلێمانی-تاسڵوجە دەکرێت کە کیشەی لەسەربوو

ژمارەیەک خاوەنی ئەو زەویانەی کە بنە ٣٥ هەزار پارچە زەوی دەخەمڵێنرێت لە بەردەم نوسینگەی قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی گردبوونەوەو، داوا دەکەن ڕێگایان پێبدرێت زەویەکانیان بکەن بە خانوو.

ئەمڕۆ ژمارەی خاوەن زەوی لەبەردەم نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە.

پاش شەڕی داعش، زیاتر لە ٣٥ هەزار پارچە زەوی بەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و دژە تیرۆر دابەشکرا، پاشان کڕین و فرۆشتن بە زەویەکانەوە کراوە، لە ساڵی ڕابردووەوە، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کردنەوە خانوو یاخود کڕین و فرۆشتنی بە زەویەکان ڕاگرتووە.

لەسەر دابەشکردنی ئەم پارچە زەویانەو کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە، ژمارەیەک بەرپرسی حکومی سەر بەشارەوانییەکانی ئەو ناوچانە گیران و دواتر بە بارمتە لێسەندن ئازاد کران، بەلآم بەرپرسانی گەورەی حیزبی و حکومی لەم کێشە گەورەیەدا دەستگیر نەکران، ئەو زەویانە کۆمەڵێک هاوڵاتی کڕیوویانەو ماوەیەکە حکومەت حجزیان خراوەتە سەر و ناهێڵن بکرێت بە خانوو.

پێشتر خاوەن زەوییەکان چەند جارێک گردبوونەتەوە، کۆتا جار لەبەردەم شارەوانی سلێمانی گردبوونەوە، تا ئێستا چەند جارێک گردبوونەوەیان ئەنجامداوە، بەڵام هیچ چارەسەرێکیان بۆ نەکراوە و کێشەکەیان وەک خۆی ماوە.


PM:03:52:14/06/2023