قوباد تاڵەبانی هۆشداری بە بەرپرسانی ئیدارەی راپەڕین دەدات

قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت" هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کێشە بۆ پڕۆژەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین دروست بکات لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت". 

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم (ماوە بۆ درێژکراوە)، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە و لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە دەڤەرەکەدا کرا و بڕیاردرا لە ماوەیەکی نزیکدا و تا کۆبونەوەی دووەم کێشە و گرفتی بەردەم سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی راپەڕین دیاری بکرێن کە داوای مۆڵەتیان کردوە و ئامادە بکرێن بۆ کەوتنە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

لە کۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە گلەی و ناڕەزای وەبەرهێنەران و هاوڵاتیانی دەڤەرەکە لە سستی بەڕێوەچونی کاروباری هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی مامەڵەی یاسایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنەران و رایگەیاند" ئەم دۆخە قبوڵکراو نییە و دەبێت لە ئەمڕۆوە هەڵمەتێکی گەورەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە دەستپێبکرێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کێشە بۆ پڕۆژەکان دروستبکات یان کەمتەرخەم بێت لە جێبەجێکردنی کاروباری هاوڵاتییان، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

هەروەها لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکەدا کرا و بڕیاردرا بە زوی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەکان تەواو بکرێن و بکەونە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. 


PM:10:55:14/06/2023