" گەر پێشمەرگە یەکناخرێتەوە، هاوپەیمانان وەک ئەفغانستان جێمان دەهێڵن "


شارەزایەکی بواری پێشمەرگە کە پێشتریش پۆستێکی باڵای تیادا هەبوو، رایگەیاند "ئەگەر هەرێمی کوردستان هێزەکانی خۆی یەکنەخات ئەوا هاوپەیمانان وازمان لێدێنن و ‌بەجێمان دەهێڵن وەکو چۆن ئەفغانستانیان جێهێشت".

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی راگەیاندووە، " ئەگەر ئێمە هێزەکانمان یەکنەخەین هاوپەیمانان وازمان لێدێنن و بەجێمان دەهێڵن، هەر وەکو چۆن ئەفغانستانیان بەجێهێشت. ئیتر هاوکاریمان ناکەن و چەک و تەقەمەنیمان نادەنێ و مەشق بەهێزەکانمان ناکەن".

ئەو بەپرسەی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوە بە " مەترسیەکی زۆر زۆر گەورە" بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناوزەد دەکات.

یاوەر ئەوەش دەخاتەڕوو کە چەندین جار لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراونەتەوە لەسەر یەکخستنی هێزەکانیان و هۆشداری دەدات" ئەگەر نا دەست لە یارمەتیدانی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە رووی چەک و تەقەمەنی و مەشقی سەربازییەوە هەڵدەگرن".

جەخت دەکاتەوە کە رێکخستنەوەی پێشمەرگە رووکەشە و تەنها ژمارە یەکدەخەین و بیروباوەڕ یەکناخەن.

وتیشی" کێشەکە ئەوەیە ئەوانەی یەکێتین هەر بە فەرمانی یەکێتی کارەکانیان جێبەجێ دەکەن، ئەوانەشی پارتین هەر بە هەمان شێوە هەڵگری بیروباوەڕی پارتین و بۆ بەرژەوەندی پارتی ئیش دەکەن و بە فەرمانی پارتی ئیش دەکەن تەنانەت کە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەن".

لەبارەی ژمارەی هێزە یەکنەخراوەکانەوە، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەکرد، بابەتەکە تەنیا هەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە نییە، چونکە نزیکەی ١٧٠ هەزار پۆلیس هەن لەگەڵ ٤٠ هەزار کارمەندی ئاسایش کە یەکنەخراون و تەنانەت هێزەکانی دژە تێرۆر و دەزگا زانیاری و هەواڵگرییەکانیش یەکنەخراونەتەوە.



AM:09:46:15/06/2023