باندێكی دراوی ساختە دەستگیركران


دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت باندێكی ساغكردنەوەی دراوی ساختەیان دەستگیركردووە كە ویستویانە دوو ملیۆن دیناری ساختە ساغ بكەنەوە. 

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین باندێكی سێ كەسی دەستگیركردووە كە هەوڵیان داوە بڕی دوو ملیۆن دیناری عێراقی ساختە  ساغ بكەنەوە . 

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش لەڕۆژی ٢٠٢٣/٦/١٤ پاش لێكۆڵینەوە و چاودێریكردنی ورد، هێزەكانی ئاسایشی ڕاپەڕین، توانیان ئەو باندە سێ كەسیەی كە كاریان ساغكردنەوەی دراوی عێراقی تەزویر بووە دەستگیر بكەن، پێش ئەوەی لە بازاڕدا ساغ بكرێتەوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، تۆمەتباران دانیشتوی هەرێمی كوردستانن و هەوڵیان داوە بڕی ٢ ملیۆن دیناری عێراقی تەزویر ساغ بكەنەوە، بەڵام بە هەوڵی هێزەكانی ئاسایش توانرا تۆمەتباران دەستگیربكرێن ، بە ماددەی ٢٨١ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە .



PM:08:41:15/06/2023