له دهۆك چوار کەس له‌سه‌ر فریودانی قوتابیان و خوێندكاران ده‌ستگیركران، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش دەڵێت" هه‌موو رێكارێكی یاسایی ده‌گرینه‌به‌ر به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌سێك یاساشكێنی بكات له تاقیكردنه‌وه‌كان".
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی هێزه‌كانی ئاسایش، ئاسایشی دهۆك له‌سه‌ر سكاڵای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده چوار تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركرد".
دەشڵێت" ئه‌و چوار كه‌سه كاریان فریودانی قوتابیان و خوێندكاران بوو له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به فرۆشتنه‌وه‌ی ئامێری بلوتوس بۆ گزیكردن( غش)".
ئەوەشی خستەڕوو، ئه‌و چوار كه‌سه به ناوه‌كانی (د. ا. س. س.) و (ع. ج. م.) و (ا. ح. ا. ع.) و (ع. ح. ح. ك. ) ده‌ستگیركراون.
ئەوەش هاتووە" پرۆسه‌ی به دیهێنانی دادپه‌روه‌ری به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ قوتابیان و خوێندكاران و هه‌موو رێكارێكی یاسایی پێویست ده‌گرینه‌به‌ر به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌سێك یاساشكێنی بكات له پرۆسه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان".