سپی ئەو رێوشوێنانە ئاشكرا دەكات كە سبەینێ بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری سلێمانی دەگیرێتەبەر

سبەینێ یەكشەممە 14ی ئەیلول شەشەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ یەكلاییەكردنەوە هەڵبژاردنی پارێزگار‌و سەرۆكی ئەنجومەن سازدەكرێت.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست سپی میدیا كەوتووە، هەر 12 ئەندام ئەنجومەنەكەی گۆڕان دەچنە بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكەن، بە پێچەوانەی دوو كۆبوونەوەی پێشووەوە كە كۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكان سازدرا.
ئارام جەمال، ئەندامی دەستەی كارگێڕی فیدراسیۆنەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بەسپی میدیای رایگەیاند كە ئێمە پێشنیارێكمان خستۆتە بەردەم سەرجەم لیستە جیاجیاكانی پارێزگای سلێمانی كە سەرەتا پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار ئەنجام بدرێت، دواتر هەڵبژاردن بكرێت بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا.

ئارام جەمال ئەم هەنگاوەی بە كارێكی یاسایی دانا‌و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بە هیچ جۆرێك دژی یاسای پارێزگاكان نیە‌و رێوشوێنێكی یاساییە، لەبەری ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەن یەكەم جار هەڵبژدەبژێردرێت، دواتر پۆستی پارێزگار چارەنوسی دیاریدەكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا تا ئێستا هیچ رێكەوتنێك لەنێوان هەردوو براوەی یەكەم، گۆڕان‌و یەكێتی، نەكراوە لەسەر دابەشكردنی ئەو دوو پۆستە، وەك هەموو جارێكی تریش لیستی خزمەت (كۆمەڵ‌و یەكگرتوو) كە 4 كورسییان هەیە لەگەڵ لیستی پارتی كە 3 كورسییان هەیە پرسەكە یەكلایی دەكەنەوە.

هەرچی نوێنەری حیزبی سوسیالیست‌و مەسحییەكان هەیە، بەپێی زانیارییكانی سپی، یەكلایی بوونەوتە بەلای یەكێتیدا، بەڵام بەو دوو كورسیە كێشەكە یەكلایی نابێتەوە، بە بێی كورسیەكانی خزمەت‌و پارتی كە لایەنی براوە دەبێت 17 دەنگ بێنێت لە كۆی 32 دەنگ.



PM:04:57:13/09/2014