هەردوو كۆمەڵەی رۆژهەڵات یەكگرتنەوەكەیان شكستی هێنا


یەكگرتنەوەی هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان و شۆِرشگێڕانی رۆژهەڵاتی كوردستان شكستی هێنا.

دوای چەند مانگێك لە یەكگرتنەوەیان، ئەمڕۆ هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان و شۆِرشگێڕانی رۆژهەڵاتی كوردستان رایانگەیاند كە یەكگرتنەوەكەیان شكستی هێنا.

ئەوەش لە كاتێكدایە كۆماری ئیسلامی ئێران بە چڕی هەوڵ دەدات، هێزەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان بخاتە چوارچێوەیەكی سنوردارەوە.

دەقی راگەیەنراوەكە.. 


خەڵكی تێكۆشەری كوردستان
تێكۆشەرانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی
 حزب و لایەنە سیاسییەكان
 ئەندامان و لایەنگرانی كۆمەڵە

لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ لە ڕاگەیەندنی دەسپێكی فەرمیی پرۆسەی یەكگرتنەوە بۆ یەكخستنی ڕیزەكانی هەر دوولا و ئامادەكاری بۆ گرتنی كۆنگرەی هاوبەشی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، دەبێ ڕابگەیەنین كە بە هۆی بەڕێوەنەچوونی ڕێككەوتنەكان و لادان لە ئامانجەكانی یەكگرتنەوە و ناكۆكیی سیاسی، ئەم پرۆسەیە بە سەرەنجام نەگەیشت.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە پێناو یەكڕیزی و یەكخستنەوەی ئەم دوو بەشەی كۆمەڵە بە هەست كردن بە بەرپرسیارێەتی و دڵفراوانیەوە هاتە مەیدان و هەوڵی بێوچانی دا،  بەڵام وادەركەوت ئەم پرۆسەیە بۆ ئەو هاوڕێیانە تەنیا هەوڵ بۆ لەناوبردنی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لە پێناو مەبەستە سیاسییە تەسكەكانی خۆیاندا بووە.

ڕێك لە كاتێكدا كە شۆڕشی ژینا بە دوروشمی سەرەكیی" ژن ژیان ئازادی" سیما و هێزێكی دیكەی بە بزووتنەوەی كوردستان و ڕەوتی چەپ و یەكسانیخواز بەخشیبوو، گرتنەبەری سیاسەتی هەڵە و دوور لە ئاواتەكانی خەڵكی كوردستان و ویست و ناوەرۆكی شۆڕشەكە لە لایەن ئەو هاوڕێیانەوە، لادانی ئاشكرا لە بەرژەوەندییە گشتییەكانی نەتەوەی كورد بوو.  ڕەچاو كردنی ئەم سیاسەتانە پرۆسەی یەكگرتنەوەی ــ كه له سەرەتای دەسپێكردنی فەرمیی خۆیدا بوو ــ  و سەركەوتنیشی پێش هەر شتێك پێویستی بە یەكگرتوویی سیاسی بوو تووشی هەڵدێر و شكست كرد. ئەو كارە نەك هەر دوولایەنی كۆمەڵەی زیاتر لێك دوور خستەوە بەڵكوو كەلێنێكی گەورەشی لە نێو ویست و ئاواتەكانی خەڵك و شۆڕش و ئەركی حیزبی سیاسیدا پێكهێنا. سامانی مرۆیی و دەسكەوتە مێژووییەكانی كۆمەڵە ناتوانێ و نابێ لە خزمەت سیاسەتێكی ئاوەها هەڵە و تاك ڕەهەندەدا بێ.
 
هەر بۆیە بۆ كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كه له زیاتر لە ١٥ ساڵە سیاسەت و هەڵوێستی ڕوون و دیاری بەرانبەر بزووتنەوەی  جەماوەری و بزاڤی ڕزگاریخوازانەی كوردستان بووە، وەها سیاسەت و گۆڕانێك قەبووڵ نەدەكرا و ئەو سیاسەتانە نەیاندەتوانی نوێنەرایەتی ڕوانینی ئێمە بۆ بزووتنەوەكە و شۆڕشی ژینا بكەن.

 بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە بەمجۆرە ڕادەگەیەنین لەمڕۆە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ژیانی سیاسی خۆی  درێژە پێدەدەدات. لە ڕاگەیاندنەكانی دواییدا وردەكاریی زیاترتان بە ئاگاداری دەگەینین.

 كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٣ ڕێكەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاویئ




AM:10:02:21/06/2023