عێراق هەنگاوێكی دیكەی دژی سوید بۆ سوتانی قورئانەكە دەگرێتەبەر


وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سویدی لە عێراق بانگهێشتكرد بۆ گەیاندنی ناڕەزایی خەڵكی عێراق دژی سوتانی قورئانی پیرۆز لەوڵاتەكەیان.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاند، وەزارەتەكەیان بانگهێشتی باڵیۆزی سوید لە عێراق كردوە و ئاگاداری كردۆتەوە لە ناڕەزایەتی توندی عێراق بەرامبەر بە ڕێگەدان بە توندڕەوەكان بۆ سوتاندنی كۆپییەكی قورئانی پیرۆز لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، وەزارەتەكەیان داوا لە حكومەتی سوید كردوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ وەستاندنی دوبارەبونەوەی سوكایەتیكردن بە قورئانی پیرۆز و دەڵێت، "پاساوی یاسایی و ئازادی ڕادەربڕین ڕەوایەتی نادات ڕێگەدان بە سەرپێچیكردن بە پیرۆزییە ئاینییەكان و سوكایەتیكردن بە قورئانی پیرۆز".

دوێنێ چوارشەممە لە یەكەمین رۆژی جەژنی قوربان هاوڵاتییەك كە كۆچبەرێكی عێراقییە لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم لە سوید، كۆپییەكی قورئانی پیرۆزی سوتاند، لەوكاتەوە تادێت ناڕەزایی و دژایەتی ئەو كارە لە كۆمەڵگە مسوڵمانەكاندا زیاتر دەبێت.



PM:09:47:29/06/2023