سەرۆک وەزیرانی سوید دوای ئەوەی هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق داوای هێوربوونەوە دەکات

ئوڵف کریستەرسن سەرۆک وەزیرانی سوید دوای ئەوەی هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق، داوای هێوربوونەوە دەکات، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سووتاندنی قورئان لە ستۆکهۆڵم، بە وتەی ئەو هیچ هۆکارێک نییە بۆ سوکایەتیکردن بە کەسانی دیکە.

ڕۆژنامەی (ئافتۆنبلادێت) لە زاری سەرۆک وەزیرانی سویدەوە ڕایگەیاند" پێویستە لە سوید زیاتر هێورتر بین، ئەمە دۆخێکی زۆر جدییە لە ڕووی سیاسەتی ئەمنییەوە، بۆیە پێویست بە سووکایەتیکردن بە کەسانی دیکە ناکات".

سەرۆک وەزیرانی سوید ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بە تەواوی قبوڵ ناکرێت خۆپیشاندەران بچنە ناو بینای باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغداد، كارە یاساییەكان مانای ئەوە نییە شەرعین، بۆیە پێویستە سوید پێوەندی باشی لەگەڵ وڵاتان هەبێت. 

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە یەکەم ڕۆژی جەژندا لە شاری ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید هاوڵاتییەکی بە رەچەڵەک عێراقی بە ناوی (سەلوان مۆمیکا) لە بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم قورئانی سوتاند کە ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.


PM:02:25:30/06/2023