حکومەتی سوید بە فەرمی داواى لێبوردن لە عێراق دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت" حکومەتی سوید ڕەتکردنەوەی توندی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە سووتاندنی قورئان کە لە لایەن پەنابەرێکی بە ڕەچەڵەک عێراقی لە پایتەختی ستۆکهۆڵم سوتێندرا". 

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" وەزارەتەکە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە ستۆکهۆڵم، پەیامی وەزارەتی دەرەوەی سوید لە ڕێگەی بریکارەکەیەوە جان کنۆستن کە ئاراستەی سەرۆکی نوێنەرایەتییەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کردووە، سەبارەت بە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵم". 

ئاماژەی بەوەشکردووە" کنوتسن دووپاتیکردووەتەوە کە حکومەتی سوید بە توندی ئەو جۆرە کارانەی دژی ئیسلام ڕەتدەکاتەوە، هەروەها بە هیچ شێوەیەک پشتگیری ئەو بۆچوونە ناکات کە کەسی پەیوەندیدار لەم ڕووداوەدا دەریبڕیووە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا لە زاری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی سویدەوە هاتووە کە حکومەتی وڵاتەکەی" بە تەواوی تێدەگات کە موسڵمانان لە سوید و لە وڵاتانی دیکە هەستیان بە سووکایەتیکردن کردووە بەو شتەی کە ڕوویداوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی سوید مافی دەستووری بۆ ئازادی گردبوونەوە و ڕادەربڕین و خۆپیشاندان هەیە و پۆلیس بڕیار دەدات بۆ ڕێگەدان بە خۆپیشاندان بەشێوەیەکی سەربەخۆ، ئاماژەی بەوەشدا کە وەزارەتی دەرەوەی سوید لە ڕوانگەی خۆیەوە هێزە ئەمنییەکانی لە تێڕوانینە پەیوەندیدارەکان ئاگادار کردۆتەوە .

لە بەرامبەردا ئەحمەد سەحاف ڕایگەیاند" وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوزارشت لە بەها و ئەخلاقی دەوڵەتی عێراق و خەڵکەکەی دەکات کە ڕێز لە پیرۆزییە ئاینییەکان دەگرن و هەستیارییەکی بەرز لەم بابەتەدا دەبینن، وەزارەتەکەش جەخت لەسەر گرنگی وەڵامدانەوەی لایەنی سویدی بۆ داواکاری حکومەتی عێراق بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەنجامدەری ئەم کارە دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەپێی یاسای عێراق سزا بدرێت". 

دوێنێ پێنجشەممە لایەنگرانی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد، دوای ئەوەی توانیان دەروازەی باڵیۆزخانەکە بشکێنن، ئەمەش وەک ئیدانەکردنی ڕووداوی سووتاندنی کۆپییەکی قورئان.

هەروەها بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دوای نوێژی عەسر خۆپیشاندانی ملیۆنی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەبچێت. 

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ٢٨ی حوزەیران پەنابەرێکی بە ڕەچەڵەک عێراقی، قورئانی دڕاند و ئاگری تێبەردا لە مزگەوتی ناوەندی ستۆکهۆڵم. 


PM:02:45:30/06/2023