سەبارەت بەو پەنابەرەی لە سوید قورئانی سوتاند، عێراق داوایەك لەو وڵاتە دەكات


حكومەتی عێراق جارێكی دیكە داوای رادەستكردنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییە دەكاتەوە كە لە وڵاتی سوید قورئانەكەی سوتاند.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە تۆبیاس بیلسترۆم، هاوتا سویدییەكەی پێگەیشتوە و لە كاتی پەیوەندییەكەدا باسیان لە كاردانەوەكانی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن كەسێكی توندڕەو لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید كردوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە "وەزیری دەرەوەی عێراق جارێكی دیكە توندی سەركۆنەی سوكایەتی و سوتاندی كۆپییەكی قورئانی پیرۆزی كردووە لەلایەن پەنارێكی عێراقییەوە كە لە وڵاتی سویدە، ئەم كارە قێزەونە كە نوێنەرایەتی سوكایەتییەكی قورس دەكات بە پیرۆزییەكانی ئاینی، هەستی موسڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا هەڵدەگیرسێنێت و ئیستفزازییەكی مەترسیدارە".

وەزیری دەرەوەی عێراق وتویەتی "سوتاندنی نوسخەیەكی قورئانی پیرۆز لە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕیندا نایەت، بەڵكو هاندانە بۆ توندوتیژی و چاندنی ڕق و پشتیوانی لە دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، فوئاد حسێن بەناوی عێراقەوە داوای كردوە حكومەتی سوید ئەو پەنابەرە عێراقییە رادەستی حكومەتی عێراق بكات بۆ ئەوەی بەپێی یاساكانی عێراق لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت.

لە بەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی سوید، نیگەرانی قوڵی بۆ ئەوەی ڕویدا نیشانداوە و رایگەیاندووە "حكومەتی سوید بە توندی ئەو جۆرە كارانەی دژە ئیسلام ڕەتدەكاتەوە".



PM:04:20:01/07/2023