(سپی) ئەو كەسانە ئاشكرا دەكات كە لەدادگای فیدراڵی وتویانە یوسف محەمەد رێگری لێنەكراوە


دوو پارێزەری پەرلەمانی كوردستان كە نزیكن لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی لەدادگای فیدراڵی عێراق رایانگەیاندووە كە "پێشتر رێگری لە یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشتری پەرلەمانی كوردستان نەكراوە".

ئەمڕۆ سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ئینستیوتی (پەی) بۆ چاودێری كاروباری پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "رێواز فایەق، سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان نامەیەكی بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە و لەنامەكەدا وتویەتی یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشتری پەرلەمان بۆ گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان رێگری لێنەكراوە".

بەڵام رێواز فایەق، ئەو قسەیەی رەتكردەوە و لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە " سەبارەت بە رێگری‌ لە د.یوسف محەمەد، ئەو كات و ئێستاش باوەڕی نەگۆڕم ‌ئەوەیە كە ئەوەی بەرامبەر د.یوسف كرا نایاسایی و ناسیاسی و بگرە ستەمێكی‌ گەورە بوو لە پرۆسەی‌ دیموكراتی‌ و ژیانی‌ پەرلەمانی‌ كرا". 

ئەو دوو لێدوانە لەكاتێكدان، پێشتر یوسف محەمەد لەدادگای فیدراڵی وتبووی "پەرلەمانی كوردستان و لەژێر دەسەڵاتی حیزبەكانە و من ساڵی ٢٠١٥ رێگریم لێكراوە کە وەک سەرۆکی پەرلەمان بگەرێمەوە هەولێر و کارەکانم ئەنجام بدەم".

بەپێی زانیارییەكانی (سپی) دوو پارێزەری پەرلەمانی كوردستان لەدادگای فیدراڵی وتویانە یوسف محەمەد رێگری لێنەكراوە كە یەكێكیان نزیكە لە پارتی و ئەوەی دیكە نزیكە لە یەكێتی، بەڵام نازانرێت لەو بابەتەدا پرسیان بە رێواز فایەق كردووە، یان نا.



PM:10:34:02/07/2023