تورکیا ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی درێژکردەوە

دوای ئەوەی شەوی ٣ی نیسانی ئەمساڵ حکومەتی تورکیا ئاسمانی هاتوچۆی فڕۆکەوانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی داخست، ئەمڕۆ ماوەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو درێژکردەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ دووشەممە تورکیا ئاسمانی هاتووچۆی فڕۆکەوانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ڕۆژی ٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ درێژکردەوە. 

ڕۆژی ٣ی نیسانی ئەمساڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا گەشتەکانیان لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی تا ٢ی تەموزی ٢٠٢٣ راگرت، بەڵام ئەمڕۆ ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیان درێژکردەوە. 

راگرتن و قەەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان تەنها ئەو گەشتانە ناگرێتەوە کە لە فڕۆکەخانەکانی تورکیاوە دەفڕن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و بە پێچەوانەوە لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەفڕن بۆ فڕۆکەخانەکانی تورکیا، بەڵکو ئاسمانی تورکیا بەڕووی هەموو ئەو گەشتانەشدا دادەخرێن کە لە فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی سلێمانییەوە بە ئاسمانی تورکیادا دەفڕن بۆ ئەورپاو وڵاتانی تر، یان لە ئەوروپاوە گەشت دەکەن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی.


PM:12:34:03/07/2023