"لەمەودوا مانگانە وەزارەتی دارایی بەغداد لەكاتی خۆیدا پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات"


پەرلەمانتارێكی عێراق رایدەگەیەنێت، سەردانی شاندی كوردستان بۆ بەغداد بۆ رێككەوتن لەسەر ناردنی مووچە نییە، چونكە ئەو رێككەوتنە كۆتایی هاتووە و لەمەودوا مانگانە بەغداد پارە دەنێرێت.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە "رێككەوتنی هەرێمی كوردستان‌و بەغدا پێویستی بە دروستكردنی لیژنەیەك هەیەو بڕیارە لیژنەكە لە چەند وەزارەتێكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق پێك بێت، بۆ بەئامانجگرتنی چەند پرسێك، لەوانە: داهاتەكانی ناوخۆ، دەروازە سنورییەكان، پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و هەماهەنگی نێوان دیوانی چاودێری دارایی هەردوولا".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "شاندی هەرێمی كوردستان لەو سەردانەی بۆ بەغداد مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان نیە، بەڵكو مەبەست جێبەجێكردنی یاسای بودجەی گشتی عێراقە، پێشتر دانوستان تەواو بووەو بڕاوەتەوە".

دووبەردانی وتویەتی "هەردوو حكومەت پابەندی رێككەوتن دەبن، بۆیە لە كۆتایی ئەم مانگە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت‌و لەمەودوا مانگانە وەزارەتی دارایی بەغداد لەكاتی خۆیدا پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات، چونكە پارەی موچەو پەرەپێدان كۆتایی هەموو مانگێك بەبێ كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت".




PM:11:39:04/07/2023